Sunday, November 10, 2013

 

هەڵبژاردنى 2017 لە کوردستان

نەوەیەک بەڕێوەیە کۆلەوار لە مێژوو، بەڵام زانا لە تەکنەلۆجیا
 
خوێنەرانى بەڕێز، دەزانم لەوانەیە بڵێن هێشتا هەڵبژاردنى ئەمساڵ هێندەى بەسەر نەچووە، چ جاى هەڵبژاردنى چوار ساڵى تر. ئامانج لەم نووسینە گەل نییە، بگرە سەرکردایەتیى و ئەقڵى پارتە سیاسییەکانە. ئەم نووسینە هیچ مەرامێکى لە پشتەوە نییە، بۆ لێدان یان پیاهەڵگوتنى هیچ لایەنێک نییە، تەنێ بۆ بەرژەوەندیى خەڵکە. 
حزبى کوردى پێویستى بە راهێنان هەیە بۆ بەهێزکردنى هەستى بۆنکردنیان و کارکردن لەسەرى. دەبێ چاو لە ئەزموونى حزبە بەتەمەنەکانى دنیا بکەن، بزانن لە سەدەى بیست و یەک چۆن کار دەکەن. لە هەمووى گرنگتر ئەوەیە: حزبى کوردى دەبێ دەست بکا بە چاندنى تۆوى کولتوورى دەست لەکارکێشانەوە، وازهێنان، دەرکردن، دوورخستنەوە. هەر سەرێک نەیتوانى خزمەتى پارت و گەل بکا، با فێر بکرێ، دەست لەکار بکێشێتەوە، واز بێنێ و دانیشێ، یان با دەر بکرێ و دوور بخرێتەوە. ئەو کولتوورە بەسە: لەسەر حسێبى سەرێک گەلێک بکرێتە قوربانى! لە خوارەوە دەیسەلمێنم چۆن و بۆچى: 
 سیاسەتوان، بەتایبەتى ئەوانەى حزب بەڕێوە دەبەن، دەبێ هەستى بۆنکردنیان زۆر بەهێز بێ. بەهێزتر تەنانەت لە هى سەگیش! (لێرەدا ئاماژەکردن بە سەگ بۆ سووککردن نییە، بگرە بۆ سەلماندنى هێزى بۆنکردنە). 
سەرانى پارتى سیاسى دەبێ بۆنى کەموکوڕییەکان بکەن لە ناو پارتەکەیان. هەر ئەندامێکى باڵا نەتوانێ ئەو بۆنە بکا، دەبێ دانیشێ، ئەگەرنا لە زیان زیاتر هیچ سوودێکى بۆ پێگەى پارتەکە نابێ. باشە ئەى ئەگەر سەرێک بۆن بکا، بەڵام هیچ نەکا! ئەوەشیان دەبێ واز بێنێ! ئەى ئەگەر سەرێک بۆن بکا، بیەوێ کار بکا بۆ چاکردنى کەموکوڕییەکان، بەڵام سەرانى تر پشتگوێى بخەن لەبەر کۆمەڵێک بەرژەوەندیى تایبەت، ئەو دەمە دەبێ ململانە سیاسییەکان لە ناو پارتەکە دەست پێ بکا. دەبێ هەندێکێیان بۆ ئەوانى تر بەجێ بێڵن. لێرەدا، ئەوەى گوێ ناگرێ دەبێ دەرکرێ! 
بەداخەوە لە ناو پارتە کوردییەکاندا، سەرانى حزب بەو شێوەیەى سەرەوە کار ناکەن، بۆیە لەم هەڵبژاردنەدا تووشى تاسان بوون. بۆ نموونە: زۆر رەخنە لە میدیا و گوتارى سەرکردایەتیى یەکگرتوو گیرا، بەڵام سەرکردایەتى هیچى نەکرد. ناکۆکیێکى بەردەوام هەیە لە نێو سەرانى یەکگرتوو، بەڵام کپى دەکەن! ئەوەى بۆنى کەموکوڕییەکان دەکا دێتە پشتگوێخستن. عەبدالرحمان سدیق، وەک نموونە، وازى هێنا. چەندان کادیرى ترى یەکگرتوو، کە لە ناو یەکگرتوو پێگەیشتن، ئێستە خزمەتى پارتى دیموکراتى کوردستان دەکەن. سەرانى یەکگرتوو دەبێ پەنجە لەسەر برین دابنێن و کارى بۆ بکەن بۆ هەڵبژاردنى 2017، ئەگەرنا دوو هێندەى ئێستە دەنگیان کەم دەکا. یەکگرتوو بە ئەقڵى نەوەتەکان ئیش دەکا، ئەمە هەڵەیەکى گەورەیە. گەنجى ئێستە بە قسەى نەوەتەکان نایەتە رایێ. 
یەکێتى نیشتمانى کوردستان نموونەیەکى ترە بۆ هەستى بۆنکردن. ژمارەیەکى بەرچاو، بەسەرکردایەتى نەوشێراوان موستەفا، بۆنى کەموکوڕییەکانیان کرد لە ناو یەکێتى، بەڵام سەرکردایەتى پشتگوێى خستن. نەوشێروان و یاوەرانى وازیان هێنا، کەموکوڕییەکانیش لە ناو یەکێتى تەشەنەیان کرد. بۆیە یەکێتى لە هەڵبژاردن پیس دۆڕا. ئێستە کۆمەڵێکى تر لە ناو سەرانى یەکێتى بۆنى کەموکوڕییەکان دەکەن، ئەگەر بێو سەرکردایەتى دیسان پشتگوێیان بخا، ئەوا لە هەڵبژاردنى 2017  کێرڤى دەنگى یەکێتى زیاتر دادەبەزێ، تەواو ئەژنۆى دەشکێ. 
بزووتنەوەى گۆڕان نموونەیەکى ترە! ژمارەیەک لە ناو بزووتنەوەى گۆڕان بۆنى کەموکوڕییەکانى گۆڕان دەکەن. بەڵام بۆچى دەنگیان زیادى کرد؟ لەبەرئەوەى گوێیان لێ گیرا، ئێستەش کەموکوڕییان ماوە، ئەگەر بێو پشتگوێیان بخەن ئەوا لە هەڵبژاردنى 2017 دەنگیان کەم دەکا. نابێ هێندە دڵیان بەو دوو کورسییە زیادە خۆش بێ ، چونکە گەل چوار ساڵى تر باشتر تێیان دەگا!
پارتى دیموکراتى کوردستان نموونەیەکى ترە. پارتى کێشەیەکى گەورەى هەیە، بەڵام ئەو کێشەیە، لەباتى زیان، خزمەتى پارتى دەکا! کێشەکەش ئەوەیە: تەنیا یەک کەس لە ناو پارتى لەباتى هەمووان بۆنى کەموکوڕییەکان دەکا. ئەوانى تر هەستى بۆنکردنیان نییە! یاخود ئەو هەستەیان خەسێنراوە. بۆنکەر هەندێ لەو کێشانە چارە دەکات و هەندێکیشان ناتوانێ چارەسەر بکا. خۆ ئەگەر بێو پارتى دوو هەنگاو باوێ ئەوا دەنگى زۆر زیاتر دەبێ لە هەڵبژاردنى 2017دا: یەکەم، بۆنکەر رێ بدات ئەوانى تریش بۆن بکەن. دووەم: ئەوەى نەیتوانى بۆن بکا، نەیتوانى پەنجە لەسەر برین دابنێ، با بەڕێیان بکا. 
بە کورتى: هەڵبژاردنە ئەمساڵ تەواو بوو، دەنگە دەنگ و نانەوەى ئاژاوە تەنیا زیان بە حزبەکە دەگەیەنێ، وامکرد وامکرد ناخوا، لە ئایندە چى دەکەم دەخوا. دەبێ بیر لە هەڵبژاردنى 2017 بکەنەوە، ئەگەر نا تووشى تاسانى گەورەتر دێن چونکە خەڵک رۆژ لە دواى رۆژ چاوى کراوەتر دەبێ. نەوەیەک بەڕێوەیە شۆڕش، خەبات، داستان، قارەمانێتى، شاخ و داخ و گۆڕان نازانێ، نەوەیەکە کۆلەوار لە مێژوو و ژیر لە تەکنەلۆجیا!
بەڵام بەداخەوە، حزبەکانى کوردستان بەو شێوەیە کار ناکەن لەبەر گەلێ هۆکار لەوانەش: ئەزموونى کەم لەبەڕێوەبردنى حزب، یان ئەزموونى کۆنى حەفتاکان و پێشتریش. لەوانەیە بڵێن چۆن ئەو حزبانە ئەزموونیان کەمە. بەڵێ ئەزموونیان زۆرە، بەڵام مەبەست ئەزموونى باشە، بە ئەزموونى زۆر خراپدا تێپەڕیون! بیرى کۆن زاڵە بەسەر بیرى نوێدا. بەرژەوەندیى سامان و  دەسەڵات، هاوڕێیەتى شاخ، هاوبەشبوون لە بەرژەوەندیى ماددى و پێگە. تاکڕەوى و بوونى براگەورە. ئەمانە و چەندان هۆکارى تر هەن وا لە حزبى کوردى دەکەن بە ئەقڵى پەنجاکان کارى سەدەى بیست و یەک راپەڕێنن!
گەورەترین و گرنگترین کارى حزب کارکردنە بۆ هەڵبژاردن. حزبى کوردى سێ ساڵ و نیو خەڵک دەچەوسێننەوە، خەڵک تووڕە دەکەن لە خۆیان، تەنیا نیو ساڵ پێش هەڵبژاردن ئاشت دەبنەوە و خزمەتى خەڵک دەکەن. حزبى کوردى دەبێ ببێتە پێڵاوى گەل بۆ ئەوەى لە هەڵبژاردن بباتەوە، بەڵام گەل دەکات بە پێڵاوى خۆى بۆ ئەوەى سامان و دەسەڵات باشتر قۆرخ بکا. ئەمە هەڵەیە! 
گۆران سەباح، رۆماننووس و رۆژنامەنووسێکى گەنجە، مامۆستاى راگەیاندنە لە زانکۆى کانزەس لە ئەمریکا، هاوکات قوتابى دکتۆراشە لە هەمان زانکۆ. خاوەنى سێ رۆمانە، دواهەمینیان بەناوى 'دووى سوور'ە ئەمساڵ لە کوردستان بڵاو بووەوە. هەمان رۆمان لە 2014 بە ئینگلیزى لە ئەمریکا چاپ و بڵاو دەکرێتەوە. 

No comments:

Post a Comment